کوردستان

05:11 - 13/06/2019

گۆڕان سكاڵا له‌سه‌ر به‌رپرسێكی باڵاى یه‌كێتی تۆمار ده‌كات‌

پەیسەر

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سكاڵا له‌سه‌ر به‌رپرسێكی باڵاى یه‌كێتی تۆمارده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیمێك راده‌سپێرێت، رێكاره‌ یاساییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تیمێكی یاسایی راسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سكاڵا له‌سه‌ر به‌رپرسێكی یه‌كێتی تۆمار بكات، كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌هێرشه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كه‌سوكاری رێبه‌ند فه‌رهاد، له‌ بنكه‌ی پۆلیس سكاڵایان تۆماركردووه‌ و چاوه‌ڕێی رێكاره‌ یاساییه‌كانن. سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هیچ رێكارێكی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نابێت، چونكه‌ نایه‌وێت دۆخی سلێمانی و كوردستان تێكبچێت.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای یه‌كێتی په‌یوه‌ندییان به‌ چه‌ند به‌رپرسێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌وه‌ كردووه‌ و رایانگه‌یاندووه‌، هێرشه‌كه‌ به‌ بڕیاری سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌بووه‌ و شتێكى شه‌خسی بووه‌.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌شاری سلێمانی، به‌هۆیه‌وه‌ خۆبه‌خشێك شه‌هید بوو، پۆلیسی سلێمانی ده‌ڵێت، رووداوه‌كه‌ به‌هۆى ته‌قه‌كردنى پاسه‌وانانى نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌نوه‌ر شێخه‌ و  مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌وه‌ بووه‌.