کوردستان

07:06 - 11/06/2019

كاندیدی یه‌كێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان یەكلایی بوه‌وه‌‌

پەیسەر

هه‌ردوو ماڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی له‌سه‌ر دوو كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، رێواس فایەق دەبێتە كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانیش دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆن.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن، كه‌ له‌نێوان باڵی ماڵی تاڵەبانی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ كراوە رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ كراوه‌،  بەجۆرێك كە رێواس فایەق بكرێتە كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانیش بكرێتە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان.

پێشتر باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی له‌ ململانێدابوون بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ به‌جۆرێك له‌به‌رامبه‌ر بوونی قوباد تاڵه‌بانی به‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، باڵی كۆسره‌ت ره‌سول و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه‌ ده‌بێته‌ رێواس فایه‌ق بكرێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر راگرتنی هاوسه‌نگی پۆسته‌كان له‌نێوان كاندیدانی ماڵی تاڵه‌بانی له‌لایه‌ك و باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌لایه‌كی دیكه‌.

هه‌ر به‌ پێی زانیارییه‌كان، رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ قوباد تاڵه‌بانی بۆ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و حاكم قادریش پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، هه‌روه‌ها دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پۆستی وەزیری پلاندانان و مستەفا چاورەش پۆستی وەزیری پێشمەرگە وەربگرێت.