کوردستان

04:46 - 09/06/2019

مه‌سعود بارزانی به‌ئه‌رسه‌لان بایزدا په‌یامێك بۆ یه‌كێتی ده‌نێرێت‌

پەیسەر

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، نوێنه‌رێك ره‌وانه‌ی لای ئه‌رسه‌لان بایز ده‌كات و له‌رێگه‌یه‌وه‌ په‌یامێك ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی ده‌كات. بارزانى نیگه‌رانى خۆى خستووه‌ته‌ڕوو له‌ یه‌كێتى و هۆشداریشیداوه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌چه‌ند كاتژمێری رابردوودا مه‌سعود بارزانی به‌فه‌رمی به‌ وه‌فدی دانوستانكاری یه‌كێتی گوتووه‌، كه‌ ئه‌و هیچ شتێكی نیه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و بۆیه‌ هه‌موو جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، مه‌سعود بارزانی ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌نوێنه‌رایه‌تی خۆی ره‌وانه‌ی لای ئه‌رسه‌لان بایز كردووه‌ وپێی راگه‌یاندووه‌، كه‌ زۆر له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م دوایانه‌ی یه‌كێتی نیگه‌رانه‌ و ناشزانێت له‌گه‌ڵ كێ كۆبوونه‌وه‌ بكات و رێككه‌وتن واژۆ بكات.

بارزانى هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، كه‌ ناكرێت رێككه‌وتن بكرێت و دواتر داوای هه‌موار كردنه‌وه‌ی بكرێت، هۆشداری ئه‌وه‌شی داوه‌ كه‌ دۆخی هه‌رێم مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت دواناخات و باشترین رێگه‌ش بۆ یه‌كێتی گه‌رانه‌وه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌كانی پێشوو، نه‌ك هه‌وڵدان بۆ رێككه‌وتنی نوێ یان هه‌مواری رێككه‌وتنه‌ كۆنه‌كان.

یه‌كێتى ئه‌مڕۆ بڕیاریدا به‌شدارى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بكات، ئه‌گه‌رچى پێشتر بڕیاریدابوو كه‌ بێ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك له‌گه‌ڵ پارتى، به‌شدار نه‌بێت له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، به‌ڵام پارتى كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى ره‌تكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى.