کوردستان

05:41 - 06/12/2018

كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو چاویان له‌ به‌شدارى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدییه‌‌

پەیسەر

په‌یسه‌ر پرێس

كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌ به‌غدا له‌ ململانێكانی پارتی و یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌ت بێلایه‌نن و تا ئێستا به‌شدارنه‌بوون له‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، چاویان له‌وه‌یه‌ به‌پێی ژماره‌ی كورسییه‌كانیان پۆستیان پێبدرێت.

له‌ خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌ردوو فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو هه‌ریه‌كه‌ و خاوه‌نی دوو كورسین، كۆمه‌ڵ فراكسیۆنه‌كه‌ی سه‌رپشك كردووه‌ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، یه‌كگرتووش بڕیاری نه‌داوه‌ به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن بوون ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ به‌ په‌یسه‌ری راگه‌یاند، سه‌ركردایه‌تی حزب سه‌رپشكی كردوون به‌ڵام تا ئێستا بۆ به‌شداری حكومه‌ت داوایان لێنه‌كراوه‌و هیچ گفتوگۆیه‌كیان بۆ وه‌رگرتنی پۆست نه‌كردووه‌.

گوتیشی،"به‌هۆی ململانێی یه‌كێتی و پارتی-یه‌وه‌ له‌ به‌غدا كورد وه‌زاره‌تی چواره‌م له‌ ده‌ستده‌دات و ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵ داوای هیچ پۆستێكمان نه‌كردووه‌ چونكه‌ نه‌چووینه‌ته‌ ناو گفتوگۆ".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ باسیله‌وه‌كرد، ئه‌وان ئۆپۆزسیۆنبوونیان رانه‌گه‌یاندووه‌و بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌تیش داوای گفتوگۆیان نه‌كردووه‌و داواشیان لێنه‌كراوه‌، به‌ڵام پشتگیری به‌رنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان كردووه‌.

یه‌كگرتووش تا ئێستا داواكارییه‌كی دیاریكراوی رانه‌گه‌یاندووه‌ بۆ به‌شداری له‌ كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی، به‌ڵام په‌رله‌مانتارێكی ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وان وه‌رگرتنی ده‌سته‌یه‌ك به‌ مافی خۆیان ده‌زانن.

موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،  به‌ په‌یسه‌ر پرێسی راگه‌یاند، له‌ عێراق هیچ لایه‌نێك ئۆپۆزسیۆن نییه‌و عێراق رێككه‌وتن و هاوبه‌شییه‌"به‌ڵام هیچ داواكارییه‌كی دیاریكراومان نه‌داوه‌ به‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌نه‌ بابه‌ته‌كه‌ بێتامه‌ تاقه‌تمان نییه‌ هه‌ر لێی بچینه‌ پێشه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان گفتوگۆیان نه‌كردووه‌، به‌ڵام وه‌رگرتنی ده‌سته‌یه‌ك به‌ مافی خۆیان ده‌زانن زیاتر له‌ 20 ده‌سته‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌مویان پله‌ی وه‌زاره‌تیان هه‌یه‌.

موسه‌نا ئه‌مین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو"پارتی و یه‌كێتی لێره‌ شه‌ڕه‌كه‌یان ده‌ستپێكردووه‌و دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناشیرین بووه‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ هیچی تێدا بكه‌یت، بڕیارێكی دیاریكراوی حزبیشمان نییه‌  له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، پێشمان وایه‌ بنه‌مای حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ نه‌توانێت به‌رده‌وام بێت".

به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌كانه‌وه‌ له‌ به‌غدا تا ئێستا هه‌شت وه‌زیری كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران متمانه‌یان پێنه‌دراوه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار دواخراوه‌.

یه‌كێتی و پارتی له‌به‌غدا له‌ ناكۆكی قوڵدان بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی داد و به‌ شاندی جیاجیا و له‌ ئاستی باڵادا هه‌وڵیاندا بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌، به‌ڵام تا ئێستا چاره‌نوسی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌.