کوردستان

12:40 - 08/06/2019

به‌رهه‌م ساڵح په‌یامێكی نهێنی بۆ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی ده‌نێرێت‌

پەیسەر

به‌رهه‌م ساڵح، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ توركیا و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌و وڵاته‌، داواى له‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كردووه‌، سنورێك بۆ چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ دابنێت و بارەگای ئه‌و پارتانه‌ش دابخه‌ن كه‌ له‌ئه‌وانه‌وه‌ نزیكن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌توركیا په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی كردووه‌ و تێیدا رایگه‌یاندووه‌، له‌پێناو ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌بێت رێكاری توند به‌رامبه‌ر چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌سنوری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بگرنه‌به‌ر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێكتێگه‌یشتنێكیان له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، به‌رهه‌م ساڵح داواشی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی په‌راوێز نه‌خرێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ دروست بكات، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و پارتی له‌سه‌ر حسابی په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا و یه‌كێتی نه‌بن، ده‌بێت هه‌نگاوی جدی بۆ ڕێگری له‌چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ بنێت و په‌یوه‌ندیه‌كانیشی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان هه‌ڵپه‌سێرێت یاخود سنورداری بكات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ یه‌كێتی سود له‌ مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا نابینێت، هه‌روه‌ها نابێت رێگه‌ به‌هیچ چالاكیه‌كی پارته‌ نزیكه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌سلێمانی بدرێت.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتى مه‌به‌ستیه‌تى به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا، چیتر توركیا وه‌ك خاوه‌نی نه‌وتی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارتی نه‌كات، یه‌كێتیش وه‌ك لایه‌نێكی به‌رێوه‌بردنی هه‌رێم له‌لایه‌ن توركیاوه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ هه‌شت مانگى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، دوو جار سه‌ردانى توركیاى كردووه‌و له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كۆبووه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌ردانى دووه‌مى بۆ خوانى ئێواره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و خانه‌واده‌كه‌ى بوو.