01:27 - 07/06/2019
ناوەڕۆكی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی چەند ناوێكی نوێی خستووەتە بەردەم پارتی دیموكرات، بۆ ئەوەی یەكێك لەو ناوانە وەك كاندیدی هاوبەشی هەردوولا قبووڵبكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.
كۆسرەت رەسوڵ لەمیانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، ئەو ناوانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خستووەتە روو، كە بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوە بكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی دراوە بەپەیسەرپرێس، ناوەكان لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنجشهممه مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسكراون، كە بریتین لەخالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لیوا جەمال تاهیر بەرێوەبەری پێشووی پۆلسی كەركوك، لەگەڵ عومەر ئینجە، جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك.
هەر بەپێی زانیارییەكان، مەكتەبی سیاسی جگە لەو ناوانە لیژنەیەكی چوار كەسی، راسپاردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی لەم یەك دوو رۆژە لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك رێككەوتن بكەن.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە سەرەڕای ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ ناوە نوێیەكانی خستووەتە بەردەم بارزانی، بەڵام ناوبراو هیچ هەڵوێستێكی دەرنەبڕیوەو رایگەیاندووە، ئەو پرسە بۆ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی جێدەهێڵێت.
هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەگەر لەم یەك دوو رۆژە پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك رێككەوتن بكەن، ئەوە یەكێتی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم دەكات، كە رۆژی دەی ئەم مانگە بەرێوەدەچێت.
ماوەیەكە لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك كێشە لەنێوان یەكێتیو پارتی هەیە، بەو هۆیەشەوە فراكسیۆنی یەكێتی لەمانگی رابردوو بەشداری پرۆسەی دەنگدانی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەكرد، كە لەپرۆسەكە بەزۆرینەی دەنگ نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدی پارتی بەسەرۆكی هەرێم هەڵبژێرا.