کوردستان

01:45 - 06/06/2019

ناوه‌رۆكى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى نێچیرڤان بارزانى بۆ یه‌كێتى‌

پەیسەر

كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی نێچیرڤان بارزانی بوو، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو حزب له‌رێگه‌ى به‌شدارییانه‌وه‌ له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم.

نێچیرڤان بارزانی له‌رێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌، ده‌ستپێشخه‌ریه‌كى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م  یه‌كێتی و ئه‌مڕۆش له‌كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیدا وه‌ڵامی دایه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ناوه‌رۆكى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى بارزانى ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتى به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بكه‌ن و دوای سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌كێتی و پارتی، جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی دانوستان.

سه‌رچاوه‌كه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ى په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی نێچیرڤان بارزانی نه‌بوایه‌، یه‌كێتی بڕیاری دابوو كه‌به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌كات.به‌ڵام دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوته‌بێژى یه‌كێتى گوتى به‌شدارییان له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌نگاوه‌كانى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى"نیه‌تی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌مان لەگەڵ پارتی ئەوە یەکلایی دەکاتەوە".

بڕیاره‌ رۆژى 10ى ئه‌م مانگه‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بچێت، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌فه‌رمى بانگهێشتى مه‌راسیمه‌كه‌ كراوه‌.