کوردستان

01:30 - 06/06/2019

بڕیارى به‌رهه‌م ساڵح بۆ به‌شدارى له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم‌

پەیسەر

  به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق و جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى، ده‌یه‌وێت به‌شدارى له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم بكات، بۆ ئه‌مه‌ش ره‌زامه‌ندى ماڵى تاڵه‌بانى وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ له‌و سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى كۆببێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس كه‌ له‌ دوو سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، به‌رهه‌م ساڵح به‌شدارى مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌و بڕیاره‌شى دواى راوێژكردن به‌ ماڵى تاڵه‌بانى داوه‌ و ره‌زامه‌ندى ئه‌وانى وه‌رگرتووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ مه‌راسیمه‌كه‌.

بڕیارى به‌رهه‌م ساڵح به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ به‌سیفه‌تی سه‌رۆك كۆمار به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بكات، كه‌ بڕیاره‌ 10ی ئه‌م مانگه‌ له‌شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌بچێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، سه‌رۆك كۆمار پێى خۆشه‌ به‌شدارى مه‌راسیمه‌كه‌ بكات و پێى وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى، به‌ڵام له‌سه‌ر هه‌ندێك ورده‌كارى سه‌ردانه‌كه‌ بۆ هه‌ولێر تا ئێستا بڕیار نه‌دراوه‌.

روونیكرده‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌م ساڵح یه‌ك مه‌رجى هه‌بووه‌، بۆ به‌شدارى له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، مه‌رجه‌كه‌شى ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى بكات، به‌ڵام ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ورده‌كارییه‌كانى یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌، پارتى پێیان باشه‌ له‌ پیرمام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى رووننه‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستى چۆنه‌، ئه‌وه‌نده‌ى گوت، كه‌ پێى باشه‌ له‌ ناو په‌رله‌مان یان حكومه‌ت یان هه‌رشوێنێكى هه‌ولێربێت.