کوردستان

01:16 - 06/06/2019

پارتی به‌ فه‌رمى داوای روونكردنه‌وه‌ى له‌ شیوعی كردووه‌‌

پەیسەر

پارتی به‌ نامه‌یه‌كى فه‌رمى داوای روونكردنه‌وه‌ى له‌حزبی شیوعی كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگنه‌دانی په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، پێشتر لێكتێگه‌یشتنێك له‌نێوان پارتى و شیوعى هه‌بووه‌، به‌پێى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ زاره‌كییه‌ شیوعى پشتیوانى كاندیدى پارتى ده‌كات بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم. 

حزبی شیوعی به‌ڵێنی به‌پارتی داوه‌ كه‌ده‌نگ به‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی هه‌رێمیش ده‌ده‌ن، به‌ڵام دواتر په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان ده‌نگی به‌نێچیرڤان بارزانی نه‌دا. له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی داوای روونكردنه‌وه‌ی له‌حزبی شیوعی كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ى هه‌ردوولایه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى پەیسەر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حزبی شیوعی رایگه‌یاندووه‌ ئه‌وان به‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان گوتووه‌ ده‌نگ به‌نێچیرڤان بارزانی بده‌ن به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان پابه‌ندی بڕیاری حزب نه‌بووه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ محێدین حه‌سه‌ن په‌رله‌مانتارى شیوعى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ئه‌و به‌ بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ى ده‌نگى به‌ هیچ كام له‌ كاندیده‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌داوه‌. سه‌باره‌ت به‌ داواكارى پارتى بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كان و رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌ بێ ئاگایى خۆى ده‌ربڕى له‌و بابه‌ته‌ به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ رێككه‌وتن هه‌بووبێت و ئه‌و له‌ رێككه‌وتن لاى دابێت.