کوردستان

01:58 - 05/06/2019

پارتی بە نیازە سزای لاهور شێخ جەنگی بدات‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەرێگەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، سزای لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حیزبە بدات.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەیسەرپرێس، لەدواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی، نیگەرانی لەبەرانبەر هەڵوێست‌و لێدوانەكانی لاهور شێخ جەنگی دەربڕاوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەدوای ئەو كۆبوونەوەیە پارتی لەچەند رێگەیەكەوە، دەستی بەفشار بۆ سەر چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە، بۆ ئەوەی كار بۆ وروژاندنی سزادانی لاهور شێخ جەنگی لەمەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتی یەكێتی بكەن.

لاهور شێخ جەنگی لەكۆتا دەركەوتنی لەرۆژی یەكی ئەم مانگەو لەكەركوك بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی وتارێكی پێشكەش كردو تێدا هێرشی توندی كردە سەر پارتی دیموكرات، كە ئەوە بەرپرسانی ئەو حیزبەی نیگەران كرد.

پێشتر پەیسەرپرێس ئەوەی بڵاوكردەوە، كە پارتی لەرێگەی كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، نیگەرانی خۆیان گەیاندووەتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر ئەو قسانەی لاهور شێخ جەنگی.