کوردستان

03:13 - 02/06/2019

پارتی: ئێمه‌ پێشنیاری فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادرمان نه‌كردووه‌‌

پەیسەر

پارتی ده‌ڵێت ئێمه‌ پێشنیاری فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادرمان بۆ پارێزگاری كه‌ركوك نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و بارزانى ناوى ئه‌و هێندراوه‌و بارزانیش په‌سه‌ندی كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ناو پارتى بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان پێشنیاری فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادریان بۆ پارێزگاری كه‌ركوك نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌گفتوگۆی بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌رباره‌ی رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی و ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتی مه‌رجی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پارێزگاری كه‌ركوكی كرده‌ مه‌رجی به‌شداری له‌حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی به‌رێوه‌چووه‌ .

به‌گوته‌ى ئه‌و، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون، دوای پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت وه‌فدێك بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد ره‌وانه‌ بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن ده‌رباره‌ی ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و وه‌گرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كان ئه‌وكاته‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی بێت.

به‌ڵام بارزانی مه‌رجی هه‌بووه‌، نابێت ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌بووه‌ كاندید بكرێن و كۆسره‌ت ره‌سوڵیش به‌وه‌ رازی بووه‌، و له‌و نێوه‌نده‌شدا ناوی فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر هێندراوه‌ و بارزانیش په‌سه‌ندی كردووه‌.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، گوتى"كه‌ كاك مه‌سعودم بینى و قسه‌مان كردووه‌، باسی كاك فه‌ره‌یدون و هیچ كاكێكى تر نه‌كراوه‌، كاك فه‌ره‌یدون پیاوێكى تێكۆشه‌ره‌و مه‌سولى هه‌موو ئه‌و براده‌رانه‌ بووه‌ كه‌ ئێستا له‌ مه‌كته‌بی سیاسین، به‌ڵام ئه‌من شه‌خسیه‌ن شتى وام باس نه‌كردووه‌و ئه‌وان وا ده‌ڵێن".