کوردستان

12:40 - 02/06/2019

بۆچوونى ئێران سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى‌

پەیسەر

ئێران له‌رێگه‌ى نوێنه‌رى سوپاى پاسدارانه‌وه‌، په‌یامى خۆى سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌ حزبه‌كه‌ گه‌یاندووه‌و پێى باش نییه‌ له‌م دۆخه‌ى ئێستادا كۆنگره‌ بكرێت.

به‌پێى زانیاریه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار ده‌ستیكه‌وتووه‌، نوێنه‌رى سوپاى پاسداران به‌ فه‌رمى یه‌كێتى ئاگاداركردووه‌، كه‌ به‌م دۆخه‌ى ئێستاوه‌ باش نییه‌ كۆنگره‌ بكه‌ن، به‌ڵكو پێش كۆنگره‌ ده‌بێت رێككه‌وتن هه‌بێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئێران جددیه‌ له‌ داواكارییه‌كه‌ى و پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر  به‌بێ رێككه‌وتنى پێش وه‌خت كۆنگره‌ى یه‌كێتى بكرێت، حیزبه‌كه‌ دووچارى له‌تبوون و جیابوونه‌وه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت پێش وه‌خت باڵه‌كانى حزبه‌كه‌ رێككه‌وتن بكه‌ن و به‌ رێككه‌وتنه‌وه‌ بچنه‌ ناو كۆنگره‌.

ئه‌گه‌رچى زۆرینه‌ى سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى باس له‌ كۆنگره‌و پێویستى ئه‌نجامدانى ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر چۆنێتى به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌و كاته‌كه‌ى كۆك نین، سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى ده‌ڵێن، بارودۆخى حزبه‌كه‌یان و ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانى ته‌نها به‌ كۆنگره‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام دیارنییه‌ كه‌ى كۆنگره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.