کوردستان

01:56 - 01/06/2019

په‌یسه‌ر ناوه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و بارزانی بڵاوده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

سه‌رۆكی توركیا بۆ نێوه‌ندگیری یه‌كێتی و پارتی، په‌یوه‌ندی به‌ جێگری سه‌رۆكی پارتییه‌وه‌ كردووه‌و په‌یامى خۆى له‌و باره‌وه‌ پێ گه‌یاندووه‌، پێشى راگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌ردانى توركیا بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس، له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ له‌په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا و نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی، پرسی ناكۆكییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی باس كراوه‌ و نیگه‌رانییه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح له‌رێگه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ بارزانی.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت ئه‌ردۆغان داوای دڵنیایی كردووه‌، ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی كۆمپانیا توركییه‌كان له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی گرێبه‌ستى ٥٠ ساڵی نەوت له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌جۆرێك حكومه‌تی هه‌رێم ئاسته‌نگیان بۆ دروست نه‌كات و بۆ ئه‌و پرسه‌ش بانگهێشتی فه‌رمی نێچیرڤان بارزانی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی توركیا بكات.

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا داوایكردبوو كه‌ كه‌ توركیا په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى زیاتربكات و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگه‌ى پارتییه‌وه‌ نه‌بێت، هاوكات گله‌یى له‌ پارتى كردووه‌ كه‌ هه‌ندێك كێشه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى چاره‌سه‌رى ناكات و داواشى كردبوو توركیا وه‌ك هاوپه‌یمانى ستراتیژى سه‌یرى یه‌كێتى بكات.