کوردستان

11:06 - 01/06/2019

پلانى پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كانى یه‌كێتى‌

پەیسەر

به‌پێى ئه‌و پلانه‌ى پارتى دایناوه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، كابینه‌كه‌ له‌ماوه‌ى ١٥ رۆژدا له‌ رۆژى سوێند خواردنى سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، پێكده‌هێندرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌و ده‌ستى كه‌وتووه‌، پارتى به‌رنامه‌ى داناوه‌ له‌ رۆژى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، راسته‌وخۆ كاندیدى پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت رابسپێردرێت له‌ماوه‌ى ١٥ رۆژدا كابینه‌كه‌ پێكده‌هێندرێت.

سه‌باره‌ت به‌ چاوه‌ڕوانى یه‌كێتى ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبه‌ كاندیده‌كانى پێشكه‌ش نه‌كرد، سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، پارتى چاوه‌ڕوانى یه‌كێتى ناكات و وه‌زاره‌ته‌كانى یه‌كێتى كه‌ رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ به‌تاڵى جێده‌هێڵێت و هیچ وه‌زاره‌تێك پڕ ناكاته‌وه‌، تا ئه‌و حزبه‌ خۆى كاندیده‌كانى پێشكه‌ش ده‌كات.

پارتى هه‌روه‌ها پلانى وایه‌، هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌كانى ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانى یه‌كێتى نه‌ده‌ن بۆ پۆسته‌كان، به‌ڵكو به‌شێك له‌په‌ره‌له‌مانتاره‌كانى ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانى یه‌كێتى ده‌ده‌ن، به‌ جۆرێك ته‌نها رێژه‌ى ده‌رچوون مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ یه‌كێتى بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم تێدا هه‌ڵبژێردرا. 

به‌پێى زانیارییه‌كان پارتى داوایكردووه‌، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان لیستى ناوى كاندیدى وه‌زیره‌كان پێشكه‌ش بكات، بۆئه‌وه‌ى دواى سوێندخواردنى سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان راسته‌وخۆ حكومه‌ت پێكبهێندرێت، و گۆڕانیش رایگه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم ناوى كاندیده‌كانى پێشكه‌ش ده‌كات.

دواى هه‌شت مانگ له‌ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، تا ئێستا كابینه‌ى حكومه‌ت پێك نه‌هاتووه‌و ناوخۆى یه‌كێتى و پارتى و ناكۆكى نێوان هه‌ردوو حزب، به‌ربه‌ستى پێكهێنانى كابینه‌كه‌ بووه‌ تا ئێستا.