کوردستان

03:04 - 30/05/2019

یه‌كێتی داوای دواخستنی ده‌نگدان به‌سه‌رۆكی هه‌رێمی نه‌كرد‌

پەیسەر

فراكسیۆنی یه‌كێتی داوای دواخستنی دانیشتنى په‌رله‌مان، تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان به‌سه‌رۆكی هه‌رێمی نه‌كرد، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ جێگه‌ی گومان بوو.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، فراكسیۆنی یه‌كێتی رۆژی سێ شه‌ممه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داوای دواخستنی ده‌نگدان به‌سه‌رۆكی هه‌رێمی نه‌كردووه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ له‌كاتی ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان هۆڵی كۆبوونه‌وه‌یان جێهێشتووه‌ و رایانگه‌یاندووه‌، بایكۆتی ده‌نگدان ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌فه‌رمی داوای دواخستنی ده‌نگدان به‌سه‌رۆكی هه‌رێمی بكردایه‌، ئه‌وه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ره‌نگه‌ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی هه‌بوایه‌، به‌مه‌رجێك هۆكاری دواخستنه‌كه‌ دیاری بكه‌ن و ماوه‌ی دواخستنه‌كه‌ش دووروودرێژ نه‌بوایه‌.

رۆژی سێ شه‌ممه‌، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ٦٨ ده‌نگ، متمانه‌ی به‌ نێچیرڤان بارزانی به‌خشی، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو ده‌ست به‌كاربێت.