کوردستان

02:52 - 30/05/2019

ماڵى تاڵه‌بانی له‌سه‌ر كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك داوایه‌كیان هەیە‌

پەیسەر

باڵی ماڵى تاڵه‌بانی له‌ناو یه‌كێتى، داواده‌كه‌ن پارێزگاری داهاتووی كه‌ركوك بۆ ئه‌وان بێت و به‌هیچ كاندیدی باڵێكی تر رازی نین.

به‌پێی ئه‌و زانیاریارنه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ماڵى تاڵه‌بانى كۆسره‌ت ره‌سوڵیان دڵنیاكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هیچ كاندیدێك جگه‌ له‌كاندیدی باڵه‌كه‌ی خۆیان بۆ پارێزگاری داهاتووی كه‌ركوك رازی نابن، له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سعود بارزانی ڤیتۆی له‌سه‌ر كاندیده‌كانی یه‌كێتی هه‌یه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ناكرێت پارێزگار به‌دیاری بدرێته‌ خه‌ڵكانێك كه‌ ده‌ستیان له‌ روداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌بووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ماڵی تاڵه‌بانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی هیچ رێككه‌وتنێك نابن كه‌ له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌ كرابێت، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوه‌تی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیگه‌ران كردووه‌.

فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو، كۆسره‌ت ره‌سوڵ چه‌ند جارێك داوایلێكردووه‌ كاندید بێت بۆ پارێزگارى كه‌ركوك، پارتیش رایگه‌یاند، له‌سه‌ر دانانى فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر رێككه‌وتوون به‌ڵام یه‌كێتى دانانى ناوبراوى به‌ پارێزگارى كه‌ركوك ره‌تكرده‌وه‌.