کوردستان

02:25 - 30/05/2019

په‌یسه‌ر ناكۆكی ناو پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكی هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانی داوایكردووه‌ ده‌نگدان به‌كاندیدی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌هۆی یه‌كێتیه‌وه‌ دوابخرێت و مه‌سرور بارزانی ره‌تی كردووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی دڵنیابووه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ی كه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌نگی پێناده‌ن، داوایكردووه‌ ده‌نگدان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ چه‌ند رۆژێك دوابخرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گفتوگۆ بكه‌ن و ئه‌وانیش به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن، به‌ڵام ئاڕاسته‌كه‌ى مه‌سرور بارزانی پێداگریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دوابخرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌، كه‌لیژنه‌ی دانوستانكاری حزبه‌كه‌ی به‌ڵێنیان پێداوه‌ 90 ده‌نگ بهێنێت نه‌ك 68 ده‌نگ، بۆیه‌ نیگه‌ران بووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نێچیرڤان بارزانی هه‌وڵیدا دیاریكردنی رۆژی راسپاردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت دوابخرێت بۆ دوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ به‌زووترین كات و به‌بێ یه‌كێتی حكومه‌ت پێكبهێنن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مرۆ په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی 10/6/2019 ی بۆ رۆژی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و راسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت دیاریكرد.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، نێچیرڤان بارزانی له‌وه‌ نیگه‌رانه‌ كه‌ بەرێژەی سەدا 61 ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌كاتێكدا مه‌سعود بارزانی به‌نزیكه‌ی سەدا 70ی ده‌نگى خه‌ڵك بووه‌ته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم.

رۆژى ٢٨ی ئه‌م مانگه‌، په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستانى هه‌ڵبژارد، فراكسیۆنى یه‌كێتى و نه‌وه‌ى نوێ بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌یان كرد و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش ده‌نگیان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌دا.