کوردستان

02:06 - 30/05/2019

په‌یسه‌ر مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر كورد له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

ساڵی داهاتوو سه‌رژمێری دانیشتوان له‌عێراق ده‌كرێت، مه‌ترسى جددى هه‌یه‌ كه‌ كورد له‌و سه‌رژمێرییه‌ یه‌كه‌م نه‌بێت له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، په‌یسه‌ر زانیارى ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ١٠ هەزار خێزانى عه‌ره‌ب له‌ دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هێندراونه‌ته‌ كه‌ركوك.

بڕیاره‌ ساڵی داهاتوو سه‌رژمێری دانیشتوان له‌عێراق بكرێت، ئه‌گه‌رچی نابێت ئه‌و سه‌رژمێریه‌ بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌كاربهێندرێت، به‌ڵام كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی كورد هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی به‌هۆی روداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌دان هه‌زار كورد له‌و ناوچانه‌ ئاواره‌بوون و تائێستاش به‌شێكی زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، له‌دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، نزیكه‌ی ١٠هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب له‌باشور و ناوه‌راستی عێراقه‌وه‌، هێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ئه‌وانه‌ش زۆرینه‌یان ئه‌و كه‌سانه‌بوون كه‌ به‌پێی ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوری عێراق، وه‌ك عه‌ره‌بی هاورده‌ قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه‌.

به‌پێی پلانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، بڕیاره‌ كۆتایی ساڵی داهاتوو سه‌رژمێری دانیشتوان له‌عێراق ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ساڵی ٢٠١٣ بڕیاربوو سه‌رژمێری دانیشتوان بكرێت به‌ڵام هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، دواهه‌مین سه‌رژمێری دانیشتوانی عێراق ساڵی ١٩٩٧ به‌رێوه‌چوو.

كورد له‌ دواى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتى له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان نه‌ماوه‌ و یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر دانانى پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك رێكناكه‌ون، كورد كه‌وتووه‌ته‌ دۆخێكى ناله‌باره‌وه‌ له‌و ناوچانه‌.