کوردستان

06:36 - 29/05/2019

بۆچوونی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی‌

پەیسەر

بافڵ تاڵەبانی برا گەورەی قوباد تاڵەبانی لەبراكەی نیگەرانە، ئەوەش بەهۆی ئەو هەڵوێستەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند.

قوباد تاڵەبانی رۆژی سێ‌ شەممە دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆكی هەرێم هەڵبژێرا پەیامێكی بڵاوكردەوە، لەپەیامەكە پیرۆزبایی ئاراستە كرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، لەكۆبوونەوەی رۆژی چوار شەممە باسی ئەو پەیامە كراوەو یەكەم كەس بافڵ تاڵەبانی قسەی لەبارەوە كردووەو تووڕەیی خۆی لەو پەیامەی لەقوباد تاڵەبانی راگەیاندووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكە بافڵ تاڵەبانی سەرەڕای راگەیاندنی تووڕەیی لەپەیامەكەی قوباد، جەختیكردووەتەوە، سەركردایەتی یەكێتی هەر رێكارێك لەدژی براكەی دەگرێتە بەر، ئەوە پشتیوانی دەكات.

هەر لەكۆبوونەوەكە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی نیگەرانیان لەو پەیامە راگەیاندووەو بڕیاریانداوە لەمەولا هەركەسێك لەدەرەوەی بڕیاری مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی هەڵوێست رابگەیەنێت، ئەوە رێكاری پێویستی لەبەرانبەر دەگرنە بەر.

فراكسیۆنی یەكێتی بەهۆی ناڕەزاییەكانی لەپارتی دیموكرات، بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی سێ‌ شەممەی پەرلەمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەكردو دەنگیان پێنەدا، ئەوەش لەسەر بڕیاری مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە.