کوردستان

02:53 - 28/05/2019

سیستانی چاوپێكه‌وتنی زه‌ریفى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر

عه‌لى سیستانی مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كانى عێراق، چاوپێكه‌وتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌ و هۆشداریش ده‌داته‌ حكومه‌تی عێراق.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، داوای چاوپێكه‌وتنی له‌عه‌لی سیستانی كردووه‌، بۆئه‌وه‌ش تا رۆژی دووشه‌ممه‌ چاوه‌ڕێی كردووه‌، به‌ڵام سیستانی داواكاریه‌كه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و له‌رێگه‌ی نوسینگه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یامێكی بۆ ناردووه‌ كه‌ عێراق بێلایه‌ن ده‌بێت له‌كێشه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، سیستانی هۆشداری داوه‌ته‌ محه‌مه‌د حه‌كیم  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، كه‌ له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی 26ی ئایار رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پشتیوانی تاران ده‌كات له‌ململانێكانی له‌گه‌ڵ واشنتۆن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، سیستانی په‌یامێكی توندی ئاڕاسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق.

رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، گه‌یشته‌ عێراق و رۆژی دووشه‌ممه‌ش له‌به‌غداوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ تاران.