کوردستان

02:45 - 28/05/2019

ئه‌و به‌رپرسانه‌ی یه‌كێتی كه‌ بڕیاری بایكۆتیان دایه‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان‌

پەیسەر

دوو به‌رپرسی ده‌ستڕۆیشتووى یه‌كێتی، كه‌ نه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسین و نه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، په‌یوه‌ندییان به‌فراكسیۆنی یه‌كێتیه‌وه‌ كردووه‌، و بڕیاری بایكۆتیان پێ راگه‌یاندوون.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی، په‌یوه‌ندییان به‌فراكسیۆنی یه‌كێتیه‌وه‌ كردووه‌ و بڕیاری بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانیان پێ راگه‌یاندوون.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ دژی بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان بوون و رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى بڕیارى بایكۆتیان داوه‌،  به‌رپرسیارێتى ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی و پارتی په‌یوه‌ندی نێوانیان به‌جۆرێك ئاڵۆزبووه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئاسایی بوونه‌وه‌ی پێویستی به‌كات هه‌بێت.

ئه‌مڕۆ فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانى كرد كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم.