کوردستان

10:20 - 27/05/2019

سزاكانى تاران بازاڕى نه‌وتى عێراقى گه‌رم كردووه‌‌

پەیسەر

خواست له‌سه‌ر نه‌وتی عێراق به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و وه‌زاره‌تی نه‌وتیش پلانی هه‌یه‌ هه‌نارده‌كردن زیاد بكات، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سزا ئابورییه‌كانى سه‌ر ئێران.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی، په‌یسه‌رپرێس له‌وه‌زاره‌تی نه‌وتی حكومه‌تی فیدراڵیه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دوای سزاكانی ئه‌مریكا دژی تاران ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیای نه‌وت داوای كڕینی نه‌وتی عێراقیان كردووه‌، بۆ ئه‌مه‌ش داواكارییان پێشكه‌ش به‌كۆمپانیای هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق سۆمۆ كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌ئێستادا نزیكه‌ی 3 ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێت ئه‌و رێژه‌یه‌ش، بۆ نزیكه‌ی 5 ملیۆن به‌رمیل له‌ساڵی داهاتوودا به‌رزبكاته‌وه‌.

سزا ئابورییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران چوونه‌ته‌ قۆناغێكى سه‌خته‌وه‌، ئه‌مریكا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگرى له‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران ده‌كات، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ خواست له‌سه‌ر بازاڕى نه‌وتى چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌ زیاد ببێت.