کوردستان

06:20 - 26/05/2019

نەوەی نوێ پەنا بۆ بزوتنەوەی گۆران دەبات‌

پەیسەر

نەوەی نوێ داوا لەبزوتنەوەی گۆڕان دەكات كار ئاسانی بكات بۆ ئازادكردنی سەرۆكەكەی، سەركردەكانی بزتنەوەی گۆڕانیش رایدەگەیەنن، كە دژایەتی هەموو رێكارێكی نایاسایی و تێوەگلانی دەزگا ئەمنیەكانیش دەكەن لە ململانێی سیاسی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەچەند رۆژی رابردوودا باڵی شاسوارعەبدولواحد لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لەسەركردەكانی گۆڕان كردووە هاوكاریان بكەن لە ئازادكردنی شاسوار عەبدولواحد.

لەبەرامبەردا ئەم داوایەی نەوەی نوێ، سەركردەكانی گۆڕان رایانگەیاندووە ئەو پرسە یاساییە نەك سیاسی، بەڵام ئەوان پشتیوانی ئەوە دەكەن كە نابێت هیچ كەسێك ئەشكەنجە بدرێت و دەبێت رێگەش بدرێت دەستگیركراوەكان چاویان بە پارێزەرەكانیان بكەوێت.

سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان راگەیاندووە، كە دژایەتی هەموو رێكارێكی نایاسایی و تێوەگلانی دەزگا ئەمنیەكانیش دەكەن لە ململانێی سیاسی و دەبێت دادگاكان بەتەواوەتی بێلایەن بن.

رۆژی 16ی ئایار شاسوار عەبدولواحد سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی تۆرەكانی پەیوەندیكردن دەستگیركرا.