کوردستان

11:23 - 26/05/2019

ناوه‌رۆكى پرۆژەیه‌كى نوێى بارزانى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كه‌ركوك‌

پەیسەر

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكی پارتی، له‌رێگه‌ی عه‌لاوییه‌وه‌ په‌یامێك ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانی به‌غداد ده‌كات و ده‌شڵێت، پرۆژه‌یه‌كیان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ئاماده‌ كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی وه‌ته‌نیه‌، گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد كراوه‌.

بارزانی به‌ عه‌لاوی راگه‌یاندووه‌، كه‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ست به‌گفتوگۆی جدی ده‌كه‌ن، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، داواشی له‌عه‌لاوی كردووه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر به‌رپرسانی حكومه‌تی به‌غدا دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ئه‌رێنی بۆ دانوستان دروست بكه‌ن.

بارزانى هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌، پرۆژه‌یه‌كیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاماده‌كردووه‌ و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش بۆ گفتوگۆ ده‌هێننه‌ به‌غدا، به‌پێی پرۆژه‌كه‌ش ده‌بێت چاره‌سه‌ری پرسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك بێت، كه‌ هێزی سه‌ربازی كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی نه‌بێت و ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ی له‌و ناوچانه‌ جێگیركراون بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و قه‌زاكان جێگیربكرێن، و له‌وناوچانه‌شی پێویسته‌ ژووری عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش دروست بكرێت، و رێگه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌ده‌نی بدرێت، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خواستی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ بێت خزمه‌ت بكات.

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌یاد عه‌لاوی داوای له‌بارزانی كردووه‌، له‌كێشه‌كانی واشنتن و تاران، حكومه‌تی هه‌رێم بێلایه‌نی هه‌ڵبژێرێت.

دۆخى كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى دیكه‌ ئاڵۆزتر بووه‌و، كورد له‌و ناوچانه‌ كه‌وتووه‌ دۆخێكى ناهه‌مواره‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتى و پارتى ناكۆكییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك.