06:26 - 25/05/2019
بەهۆی هۆشداریەكەی نێچیرڤان بارزانیەوە یەكێتی لەبڕیارێكی پاشگەزدەبێتەوە
نێچیرڤان بارزانی هۆشداری دەداتە یەكێتی و دەڵێت ئەگەر دەنگ بەسەرۆك هەرێم نەدەن رێككەوتنەكە دەخەنەبەردەم هەڵوەشاندنەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەتووە هەفتەی رابردوو شاندێكی یەكێتی كە لە ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد و عومەر فەتاح پێكهاتبوو سەردانی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیان لەشاری هەولێر كردووە.
سەرچاوەكە دەڵێت، وەفدی یەكێتی داوایكردووە لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم پارتی و یەكێتی رێككەوتنێك دەربارەی دانانی پارێزگاری كەركوك واژۆ بكەن بەپێچەوانەوە دەنگ بەسەرۆكی هەرێم نادەن.
لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، ئەوان جگە لەرێككەوتنی پێشوویان كە نەخشەرێگای چارەسەری پرسی كەركوكە هیچ رێككەوتنێكی نوێ ناكەن و رێككەوتنەكەش بەوشێوەیە كە دەبێت دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، كابینەی نۆیەم شاندێكی هاوبەش بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد پێكبهێنێت بەو مەرجەی وەفدەكە نوێنەرانی یەكێتی و پارتی تێیدا بەشداربن و گفتوگۆ لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و گەرانەوەی كورد و رۆیشتنی چەكدارانی حەشدی شەعبی و چوونەدەرەوەی هێزە چەكدارەكان و وەگرتنەوەی ئەو پۆستانەی كە كورد دوای 16ی ئۆكتۆبەر لەدەستی داوە، لەناویشیاندا پارێزگاری كەركوك بكرێت.
ئەگەر هەرێم و بەغداد لەسەر ئەو پرسانە گەیشتنە رێككەوتن ئەو كاتە یەكێتی و پارتی بەیەكەوە كاندیدی پارێزگاری كەركوك دیاری دەكەن بەمەرجێك كاندیدێكی یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە، جگە لەو رێككەوتنە هیچ رێككەوتنێكی نوێ دەربارەی پارێزگاری كەركوك ناكەن و هۆشداریشی داوەتە یەكێتی كە ئەگەر دەنگ بەكاندیدی سەرۆكی هەرێم نەدەن ئەوە رێككەوتنەكە دەخەنە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە و وەفدی یەكێتی لەبەرامبەر دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی نەرمی نواندووە.
كۆبونەوەكە نهێنی بووە و لەسەرداوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، پێشتر یەكێتی و پارتی رێككەوتنێكیان دەربارەی پرسی كەركوك و كابینەی حكومەت واژۆكرد بەڵام یەكێتی لەرێككەوتنەكە پاشگەزبۆوە.