06:23 - 25/05/2019
گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان هۆشداری دەداتە سەرۆك كۆمار
گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان هۆشداری دەداتە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار كە یەكێتی زەرەرمەندترین حزبی سیاسی عێراق دەبێت بەهۆی گەمارۆكانی سەر ئێرانەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان لە راپۆرتێكدا بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و جێگری سكرتێری گشتی ئاماژەی بەوەكردووە كە 40%ی بازرگانی عێراق و ئێران لەرێگەی هەرێمی كوردستانەوەیە و لەو بڕەش 33%ی لەسنوری یەكێتی و 7%ی لەسنوری پارتییە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان لەراپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە یەكێتی زەرەرمەندترین حزبی سیاسی دەبێت لەعێراقدا لەكاتی پابەندبوونی بەغداد بەسزاكانی واشنتۆن دژی تاران، بەوپێیەی زۆرینەی بازرگانی ئێران و سنوری یەكێتی لەرێگەی كۆمپانیاكەیانەوەیە و ئەگەر سنورەكان دابخرێن ئەوە نۆكان لەڕووی ئابوریەوە زیانی گەورەی بەردەكەوێت.
گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان لە ژمارەیەك كۆمپانیا پێكدێت كە خاوەنداریەتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی و زۆرینەی بازرگانی هەرێم و ئێرانی قۆرغكردووە و سەرباری ئەوەش لەبوارەكانی دۆزینەوەی نەوت و وەبەرهێنانی ناوخۆی پشكی هەیە.