کوردستان

10:49 - 24/05/2019

هه‌ڵوێستى یه‌كێتى له‌سه‌ر كاندیدكردنى فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بۆ پارێزگارى كه‌ركوك‌

پەیسەر

پارتى دیموكراتى كوردستان فه‌ریدون عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانى، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك پێشنیازكردووه‌و یه‌كێتی-یش ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، پارتی وه‌ك كاندیدى نێوه‌ندى‌ و چاره‌سه‌ر، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادرى بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك پێشنیاز كردووه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، پارتى پێشنیازه‌كه‌ى به‌فه‌رمى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م یه‌كێتى، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ پێشنیازه‌كه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان خۆیان كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیارى ده‌كه‌ن.

فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بوو، له‌دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ده‌ستى به‌كارى بازرگانى كردووه‌، به‌م دواییانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى زیاتربوون و له‌ كاتى كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پشتى بارزانى گرت.

له‌سه‌ر پۆستى پارێزگاى كه‌ركوك كێشه‌ له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتى هه‌یه‌، تائێستاش هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتوون به‌رێككه‌وتنێكى ناوه‌ندى‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكه‌ن، كه‌ له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017وه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌ده‌ست كورد نه‌ماوه‌.