کوردستان

10:16 - 24/05/2019

نێچیرڤان بارزانى دڵنیایی ده‌داته‌ به‌رپرسانى یه‌كێتى‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، دڵنیایی داوه‌ته‌ به‌رپرسانى یه‌كێتى نیشتمانى، ئه‌وه‌ش له‌پێناوه‌ى ئه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كانیان بڕه‌وێنێته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، رۆژى چوار شه‌ممه‌ شاندێكى یه‌كێتى نیشتمانى به‌سه‌رۆكایه‌تى عیماد ئه‌حمه‌د، سه‌ردانى ماڵى نێچیرڤان بارزانى-یان كردووه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى داخراو و دوور له‌چاوى میدیاكان ئه‌نجامداوه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، شانده‌كه‌ى یه‌كێتى بۆ گه‌یاندنى نیگه‌رانییه‌كانیان له‌باره‌ى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى بووه‌و له‌و باره‌وه‌ هه‌ردوولا گفتوگۆى چڕیان كردووه‌.

په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌ى زانیوه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ نێچیرڤان بارزانى دڵنیایی ئه‌وه‌ى پێداون، كه‌ پارتى به‌ته‌واوى پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌بێت، پێویست به‌وه‌ ناكات ئه‌وان له‌و باره‌وه‌ نیگه‌ران بن.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌نگاوى یه‌كه‌مى پابه‌ندى پارتى به‌رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ بۆ رۆژى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، كه‌ نێچیرڤان بارزانى كاندیده‌ بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌، به‌فه‌رمى بانگهێشتى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق بۆ هه‌ولێر ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌یان له‌پشكى یه‌كێتى ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانى باسى له‌وه‌ش كردووه‌، به‌نده‌كانى ترى رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ چوونه‌ پێشه‌وه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت جێبه‌جێده‌كرێت‌و هیچ پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌و بواره‌دا ناكه‌ن.

بڕیارى هه‌فته‌ى داهاتوو په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌نگ بدات بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان، له‌ناوخۆى یه‌كێتى هه‌ندێك نیگه‌رانى هه‌یه‌ له‌وه‌ى كه‌ پارتى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك هه‌نگاوى نه‌ناوه‌، به‌ڵام یه‌كێتى پێ به‌پێى له‌گه‌ڵ پارتى ده‌ڕوات.