کوردستان

03:29 - 23/05/2019

دوو بەرپرسی یەكێتی بەدوای چارەسەركردنی كێشەی شاسوار عەبدولواحیدەوەیە‌

پەیسەر

دوو بەرپرسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ده‌یانه‌وێت كێشەی شاسوار عەبدولواحید لەرێگەی گواستنەوەی دۆسیەكەی بۆ دادگایەكی بەغداد بۆ چارەسەر بكات و باڵێكی تریش رەتی دەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لاهور شێخ جەنگی و عومەر فەتاح دەیانەوێت لەرێگەی گواستنەوەی كەیسی شاسوار عەبدولواحید بۆ دادگایەكی بەغداد كێشەكەی بۆ چارەسەر بكەن و یەكێتیش لە دۆخێكی ئیحراجی رزگاربكەن بۆ ئەمەش داوایان لەنەوەی نوێ ( باڵی شاسوار عەبدولواحد كردووە) داواكاری بۆ گواستنەوەی كەیسەكەی پێشكەش بكەن.

بەڵام داواكارییەكان و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی ئەو داواكاریەیان رەتكردۆتەوە و رایانگەیاندووە باشترە كەیسەكە لەدادگاكانی سلێمانی بمێنێتەوە.
رۆژی 16ی ئایار شاسوار عەبدولواحد سەرۆكی جوڵانەوەی نەوی نوێ بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی تۆڕەكانی پەیوەندیكردن دەستگیركرا.

دەستگیركردنی ناوبراویش لەسەر سكاڵای داواكاری گشتی سلێمانی و سكاڵای شادی نەوزادی پەرلەمانتاری نەوێ نوێ هات كە لە رێی مۆبایلەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی رووت لە پەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ كرابوو ئەوەش بە ئامانجی كپكردن و بێدەنگبوون لە كێشە ناوخۆییەكانی نەوەی نوێ لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە ئەنجام درابوو.