کوردستان

02:37 - 23/05/2019

پەیسەرپرێس زانیاری لەسەر دواكەوتنی موچە بڵاودەكاتەوە‌

پەیسەر

موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەكەوێت و پێش جەژنیش موچەی هیچ شوێنێك دابەش ناكرێت، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ 5ی شه‌ش ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی سێ بكرێت 9ی مانگ موچه‌ دابه‌شده‌كرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری وەزارەتی داراییەوە دەستی كەوتووە، هیچ بڕیارێك نیە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێش بخرێت و بەرلەهاتنی جەژنی رەمەزان دابەش بكرێت، بەپێچەوانەوە دابەشكردنی موچە دوادەكەوێت بەوپێیەی كە لە رۆژی پێنج شەممە  30/5/2019 وە تا رۆژی یەك شەممە 9/6/2019 لەزۆربەی فەرمانگەكانی حكومەت دەوام نابێت بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە، بۆیە دابەشكردنی موچە دەكەوێتە دوای 9ی حوزەیران.

سەرچاوەكە دەڵێت، بیرۆكەیەك هەبوو كە موچەی دوو وەزارەت پێش جەژن بدرێت ئەوەش لەژێر فشاری حكومەتی فیدراڵی بەتایبەتی دوای دروستبوونی گومانی ئەوەی كە حكومەتی هەرێم لەموچەی فەرمانبەران كە لەبەغداوە رەوانە دەكرێت قەرزی توركیا و كۆمپانیای رۆسنەفتی داوەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووە بڕیار.

سەبارەت بەوەی كە بۆچی ووەزارەتی دارایی داوای موچەی مانگی سێی لە گەنجیەكان كردووە، سەرچاوەكە دەڵێت، بۆ ئەوەیە لەدوای جەژن راستەوخۆ دەست بەدابەشكردنی موچە بكرێت.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، ئەوەی دەتوانێت بڕیاری كۆتایی لەسەر دابەشكردنی موچە بدات لەسەرووی وەزارەتی دارایی، سەرۆكی حكومەتە كە تائێستا هیچ بڕیارێكی بەوەزارەتی دارایی رانەگەیاندووە.

پێشتر میدیاكانی نزیك لەپارتی بڵاویانكردەوە كە ئەگەر وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و حكومەتی بەغداد پێش جەژن پارە رەوانەی وەزارەتی دارایی بكەن ئەوە حكومەتی هەرێم موچەی مانگی ئازار دابەش دەكات.