کوردستان

01:48 - 23/05/2019

لوبنان رێگرى له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌كات‌

پەیسەر

دوای ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك له‌به‌یروتی پاپته‌ختی لوبنان، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌وه‌، رێگرى له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌كرێت.

نه‌حمه‌دین كه‌ریم رۆژی سێ‌ شه‌ممه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی حه‌ریری له‌ به‌یروت ده‌ستگیركراو رۆژی دواتر ئازادكرا، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌نته‌رپوڵ‌ و له‌سه‌ر سكاڵای دادگای فیدراڵی عێراق.

هاوكات دوای ئازادكردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری لوبنان رێگرییان له‌ناوبراو كردووه‌ شاره‌كه‌ جێبهێڵێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌ت.

هه‌ر به‌پێی رۆژنامه‌كه‌، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری لوبنان بۆ ئه‌وه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریمی راگرتووه‌، تا بڕیاری له‌به‌غداوه‌ له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ بۆ بچێت‌ و ئێستا چاوه‌ڕێیه‌.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، كه‌ به‌م نزیكانه‌ فه‌رمان له‌به‌غداوه‌ له‌باره‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌رده‌چێت‌ و بڕیاری راده‌ستكردنی به‌عێراق یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌.

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن دادگای نه‌زاهه‌ی عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه‌، كه‌ چه‌ند دۆسییه‌كی له‌سه‌ره‌.