کوردستان

03:53 - 22/05/2019

دۆخی كه‌ركوك په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاڵۆز ده‌كات‌

پەیسەر

دۆخی ئێستای كه‌ركوك په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاڵۆزده‌كات، هه‌ریه‌كه‌یان تێڕوانینی جیاوازی هه‌یه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا و دوای ئاڵۆزبوونی دۆخی كه‌ركوك و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و سوتاندنی گه‌نم و جۆی كورد و گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ بۆ سنوری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ران، پارتی رایگه‌یاندووه‌ زه‌مینه‌ی گه‌رانه‌وه‌ی حزبه‌ كوردیه‌كان بۆ شاره‌كه‌ له‌بار نیه‌.

پارتى هه‌روه‌ها، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌شی وه‌ك به‌ڵگه‌ی به‌هێز هێناوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها پارتی له‌وه‌ دڵنیابووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌م ساڵدا ناكرێت و یه‌كێتی ناتوانێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌بێ پارتی وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاڵۆزكردووه‌، چونكه‌ یه‌كێتی پێداگری له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری شاره‌كه‌ ده‌كات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان دوابخات بۆ ئه‌وه‌ی تا ئه‌وكاته‌ ده‌رفه‌تیان هه‌بێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئێستا ته‌نها یه‌ك رێگه‌ له‌به‌رده‌م یه‌كێتیدا ماوه‌، بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ئه‌ویش رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و پاشان به‌وه‌فدی هاوبه‌ش سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌.

یه‌كێتى و پارتى به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌یان، پرسى پارێزگارى كه‌ركوكیان بۆ مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێهێشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌شێكى یه‌كێتى له‌ دۆخى كه‌ركوك نیگه‌رانن له‌وه‌ى هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه‌و پارتى ئاماده‌ نییه‌ بێته‌وه‌ شاره‌كه‌.