کوردستان

03:35 - 22/05/2019

یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ناوخۆیه‌كانی په‌نا بۆ نێوه‌ندگیر ده‌بات‌

پەیسەر

یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی، په‌نا بۆ نێوه‌ندگیری عێراق ده‌بات و چه‌ند به‌رپرسێكى باڵاى عێراقى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئه‌و حزبه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نه‌یتوانی له‌سه‌ر كاندیدی پۆسته‌كان و كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ و پرسی به‌شداریكردن یان نه‌كردن له‌حكومه‌ت رێككه‌وتنی ناوخۆی بكات، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، داوای له‌ژماره‌یه‌ك پارت و كه‌سایه‌تی شیعه‌ی نزیك له‌یه‌كێتی كردووه‌ نێوه‌ندگیری بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ناوخۆیه‌كان.

به‌پێى زانیارییه‌كان، نوری مالیكی، عه‌مار حه‌كیم و حه‌یده‌ر عه‌بادی ئاماده‌ییان پیشانداوه‌ ببنه‌ نێوه‌ندگیر، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ باڵه‌ جیاجیاكانی یه‌كێتی گفتوگۆیان كردووه‌ و ئاماده‌یشیان ده‌ربڕیوه‌، سه‌ردانی سلێمانی بكه‌ن ئه‌گه‌ر پێویستی كرد.

له‌ماوه‌ی رابردوودا، چه‌ند جارێك مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی دیاریكردنی كاندیده‌كانی حزبه‌كه‌یان بۆ كابینه‌ی داهاتوو، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كانیان بێ ئه‌نجام بوون.