کوردستان

03:11 - 21/05/2019

هۆكارى دوورخستنه‌وه‌ى فه‌رهاد پیرباڵ له‌ كاندیدى سه‌رۆكى هه‌رێم‌

پەیسەر

به‌هۆی سكاڵای به‌رپرسێكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، فه‌رهاد پیرباڵ له‌كاندیدبوون بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم دوورده‌خرێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌، دۆسیه‌ى ده‌ستگیركردنى فه‌رهاد پیرباڵ، به‌هۆى هێرشكردنه‌ سه‌ر مونا قاوه‌چى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌، هۆكارى دوورخستنه‌وه‌ى پیرباڵ بووه‌ له‌ كاندیدى سه‌رۆكى هه‌رێم.

فه‌رهاد پیرباڵ پێشتر له‌شوێنى گشتى، به‌ قسه‌ هێرشى كردبووه‌ سه‌ر مونا قاوه‌چى و گرته‌ى ڤیدیۆیى قسه‌كانى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ مانگی ئازاری ساڵی رابردوو به‌پێی مادده‌ی 226 له‌یاسای سزادانی عێراق و له‌سه‌ر داوای داواكاری گشتی فه‌رهاد پیرباڵ مامۆستای زانكۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی شاری هه‌ولێر ده‌ستگیركرا.

دوای نزیكه‌ی سێ مانگ له‌زیندانیكردن، پیرباڵ رۆژی 17ی ته‌موزی هه‌مان ساڵ ئازاد كرا. سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، له‌كاتی ئازادكردنی راپۆرتی پزیشكییان بۆ نوسیوه‌، كه‌ دووچاری نه‌خۆشی بووه‌، هه‌روه‌ها دۆسیه‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی بۆته‌ هۆی بێبه‌شبوونی له‌كاندیدبوون بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم.

فه‌رهاد پیرباڵ پێشتر ناوى خۆى بۆ كاندیدى سه‌رۆكى هه‌رێم پێشكه‌شكردبوو، به‌ڵام په‌رله‌مانى كوردستان، ناوى ئه‌وى له‌نێو لیستى كاندیده‌ په‌سه‌ندكراوه‌كاندا رانه‌گه‌یاند.