کوردستان

02:38 - 21/05/2019

ئه‌مریكییه‌كان رێگری له‌ده‌ركردنی ماڵه‌كورده‌كان ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

ئه‌مریكییه‌كان له‌سه‌ر سوتاندنی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم و ده‌ركردنی ماڵه‌ كورده‌كان، هۆشداری ده‌ده‌نه‌ پارێزگاری كه‌ركوك.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس، له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، شه‌وی رابردوو هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كه‌ركوك، رێگرییان له‌ سوتاندن و دروێنه‌ی گه‌نمی چه‌ند گوندێكی كوردی كردووه‌ و هۆشداریشیان داوه‌ته‌ راكان جبوری، كه‌ پرۆسه‌ی ده‌ركردنی ماڵه‌كورده‌كان رابگرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، شه‌وی رابردوو سوپای ئه‌مریكا، هێزه‌كانی له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌ركوك بڵاوه‌پێكردووه‌ و داواشیان له‌ پارێزگاری كه‌ركوك كردووه‌، پۆلیسی فیدراڵی و هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر، ره‌وانه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بكات كه‌ ئاڵۆزییان تێدایه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئه‌مریكییه‌كان له‌ پلانێكى مه‌ترسیدار دژ به‌ كورد ئاگادار بوون، كه‌ بڕیاربووه‌ شه‌وى رابردوو به‌ناوى داعشه‌وه‌ هه‌ڵبكوترێته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ماڵه‌ كورده‌كان و ده‌ربكرێن، رێگرییان له‌و پلانه‌ كردووه‌.

رۆژی 14ی ئه‌م مانگه‌، ئاڵۆزی و پێكدادان له‌نێوان ژماره‌یه‌ك ماڵی گوندی په‌لكانه‌ی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ران له‌پارێزگای كه‌ركوك له‌نێوان ژماره‌یه‌ك ماڵی عه‌ره‌بی هاورده‌ و كوردانى گونده‌كه‌ كه‌ خاوه‌نی زه‌ویه‌كانن ڕوویدا، و تائێستاش نه‌ حكومه‌تی به‌غداد و نه‌ هه‌رێمی هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نه‌بووه‌.