کوردستان

01:14 - 20/05/2019

نه‌وه‌ی نوێ بۆ ئازادكردنى شاسوار عه‌بدولواحید په‌نا بۆ دوو حزب ده‌بات‌

پەیسەر

نه‌وه‌ی نوێ بۆ رزگاركردنی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ی، داوا له‌ دوو حزب ده‌كات كه‌ نێوه‌ندگیرى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌كه‌ى بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت و شاسوار عه‌بدولواحید ئازاد بكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، باڵی شاسوارعه‌بدولواحید له‌ناو نه‌وه‌ی نوێ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، په‌نایان بۆ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی بردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داوا له‌یه‌كێتی بكه‌ن شاسوار ئازادبكات، و هه‌ردوو حزبه‌كه‌ش رایانگه‌یاندووه‌، به‌پێی توانا هاوكار ده‌بن.

بنه‌ماڵه‌ی شاسوار ئاماده‌ییان پیشانداوه‌، كه‌ هه‌ر بڕیارێك نێوه‌ندگیره‌كان بیده‌ن نه‌وه‌ی نوێ پابه‌ند ده‌بن پێوه‌ی. سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت شاسوارعه‌بدولواحید له‌زینداندا داوای له‌یه‌كێتی كردووه‌ دانوستانی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتی به‌فه‌رمی داواكارییه‌كه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام باڵێكی یه‌كێتی سه‌ردانیان كردووه‌ و ده‌شیانه‌وێت كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ربكه‌ن.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، هۆكاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی شاسوار بۆ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌به‌رده‌م ئیحراجیيه‌كی گه‌وره‌ی رای گشتی بووه‌، كه‌ پرسیار ده‌رباره‌ی هۆكاری ده‌ستگیرنه‌كردنی شاسوار ده‌كرا، به‌تایبه‌ت كه‌ داواكراوی یه‌كه‌می كه‌یسی هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌په‌رله‌مانتارانی حزبه‌كه‌ی بووه‌.