کوردستان

04:12 - 19/05/2019

كاردانەوەی توندی ئەمریكا دژی سەردانەكەی قاسم سلێمانی بۆ هەرێم‌

پەیسەر

هەفتەی رابردوو قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی هەرێمی كوردستان و عێراقی كردبوو، لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولاش كۆبوونەوەی ئەنجامدابوو، ئەمریكاش نیگەران بووە لەو سەردانەو وەك كاردانەوەیەكیش ئاستی دیبلۆماسی خۆی لە هەرێم و بەغدا دابەزاندووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، هەفتەی رابردوو قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەنهێنی سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردووە و هیچ بەرپرسێكیش ئامادەنەبووە بەئاشكرا پێشوازی لێ بكات.

سەرچاوەكە دەڵێت،  هۆكاری نهێنی سەردانەكە لەسەر داوای لایەنە عێراقیەكان بووە و لەسەردانەكەشدا پەیامی خامنەئی گەیاندۆتە لایەنەكانی نزیك لەتاران كە پەلە بكەن لەدەركردنی یاسایەك بۆ چوونەدەرەوەی هێزەبیانیەكان لەعێراق.

سولەیمانی هەروەها داوایكردووە بەغداد رێگری بۆ میلیشیا شیعیەكانی نزیك لەئێران دروست نەكات، سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، بەهۆی سەردانەكەی قاسم سولەیمانیەوە واشنتۆن هۆشداری داوەتە بەغداد و هەرێمی كوردستان و  نیگەرانبووە لەو سەردانە.

بەپێی زانیارییەكانیش ئەمریكا ئاستی دیبلۆماسی خۆی لە هەردوو كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكەی لە هەولێر و بەغدا كەمكردوەتەوە و بەو هۆیەشەوە، ژمارەی كارمەندانی ئەمریكاش لە باڵیۆزخانەی بەغداد و كونسوڵخانەی هەولێری ئەمریكا پەیوەندی بەو سەردانەوە هەبووە.