کوردستان

02:25 - 19/05/2019

سبه‌ینێ ده‌رخسته‌ نوێیه‌كه‌ی شه‌قامی 100مه‌تری سلێمانی ته‌واوده‌بێت‌

پەیسەر

به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ئه‌ندازیاریی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، سبه‌ینێ راپۆرت و پێشنیاره‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌ ته‌واوده‌بێت و راده‌ستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ده‌كه‌ن.

ئازاد ره‌سوڵ، به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ئه‌ندازیاری شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، له‌كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 14ی ئایار كه‌ له‌باڵه‌خانه‌ی پارێزگای سلێمانی ئه‌نجامدرا ماوه‌ی 10 رۆژ دیاریكرا بۆ پێشكه‌شكردنی راپۆرت و پێشنیاره‌كان به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاركردن له‌شه‌قامه‌كه‌.

گوتیشى، به‌ڵام ئه‌وان پێشتر راپۆرت و پێشنیاره‌كانیان ته‌واوده‌كه‌ن، به‌جۆرێك سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 20ی مانگ ته‌واوی ده‌كه‌ن و راده‌ستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ده‌كه‌ن، و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه‌ ده‌دات كه‌ ده‌ست به‌كاره‌كه‌ ده‌كات.

ئازاد ره‌سوڵ راشیگه‌یاند، به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ له‌تاسڵوجه‌وه‌ بۆ عه‌ربه‌ته‌ و یه‌كه‌مجار كاركردن له‌و به‌شه‌ ده‌ستپێده‌كات، به‌پێی ده‌رخسته‌كه‌ش ماوه‌ی سێ ساڵی بۆ دیاریكراوه‌، به‌ڵام لایه‌نی كه‌م پێویستی به‌دووساڵ كاركردنی به‌رده‌وام هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و پێشبینی ده‌كات مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ كاركردن له‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌ست پێ بكات، به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس دوای گه‌یشتنی راپۆرته‌كه‌ی سلێمانی، نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری هه‌رێم به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی (كور ، ئه‌لیتبای، ئینتاش) كه‌ سێ كۆمپانیای توركین و ساڵی 2013 پرۆژه‌كه‌یان بۆ ده‌رچووه‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئاماده‌بوون به‌مه‌رجه‌كانی حكومه‌ت ده‌ست به‌كاركردن له‌و پرۆژه‌یه‌ بكه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم رێكاره‌كان ده‌ستپێده‌كات، ئه‌گه‌ریش ئاماده‌نه‌بوون ده‌ستكاری گرێبه‌سته‌كه‌ی پێشووبكرێت ئه‌وه‌ به‌شی یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر دووباره‌ خستنه‌ڕووى پڕۆژه‌كه‌ له‌رێگه‌ی ته‌نده‌ره‌وه‌ تاوتوێ ده‌كات.

پرۆژه‌ی شه‌قامی 100مه‌تری سلێمانی 146 كیلۆمه‌تره‌، به‌شی یه‌كه‌میشی 32 كیلۆمه‌تره‌، و به‌ته‌واوبوونی قه‌ره‌باڵغی ناو شار كه‌م ده‌كاته‌وه‌.