کوردستان

02:11 - 19/05/2019

نوسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى داوایه‌كی نه‌وه‌ی نوێ ره‌تده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

به‌رپرسێكی نه‌وه‌ی نوێ، په‌یوه‌ندی به‌نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ ده‌كات و داواده‌كات، فشار بخاته‌ سه‌ر یه‌كێتی بۆ ئازادكردنی شاسوار عه‌بدولواحید، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران ره‌تی ده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌دوای ده‌ستگیرکردنی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌، سروه‌ عه‌بدولواحید بەرپرسی پەیوەندییەکانی نەوەی نوێ په‌یوه‌ندی به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ كردووه‌.

سروه‌ عه‌بدولواحید داوای كردووه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ته‌له‌فۆن داوا له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ بكات، شاسوار عه‌بدولواحد ئازاد بكرێت، به‌ڵام نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندووه‌، دوای به‌دواداچوون بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و پرسه‌ یاساییه‌ و ئه‌وانیش ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری دادگاكان ناكه‌ن، هه‌روه‌ها وه‌ك هه‌میشه‌ نایانه‌وێت ببنه‌ به‌شێك له‌كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، سروه‌ عه‌بدولواحید هه‌وڵی ئه‌وه‌شیدا ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رازی بكات، به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی براكه‌ی ده‌ربكه‌ن به‌ڵام له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتوونه‌بووه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌پێی یاسای خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن ده‌ستگیركرا، چه‌ند ئه‌ندامێكى جوڵانه‌وه‌كه‌شى له‌ زیندانن و دانیان به‌و تۆمه‌تانه‌دا ناوه‌ كه‌ ئاڕاسته‌یان كراوه‌.