کوردستان

05:57 - 18/05/2019

كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی دیاریده‌كرێت‌

پەیسەر

بافڵ تاڵەبانی كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، رۆژی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دیاری دەكات و دەشڵێت دەیانەوێت كۆنگرەی یەكلایی كردنەوەی كێشەكان بێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، دوای ئەوەی لەكۆبونەوەی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا سەركردەكانی ئەو حزبە نەیانتوانی لەسەر كاندیدەكان بگەنە ڕێككەوتن، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە كە كاروباری حزب بەوشێوەیە بەرێوەناچێت بۆیە لەئایندەیەكی نزیكدا رۆژی بەستنی كۆنگرە دیاری دەكات و لەكۆنگرەكەشدا تەواوی كێشەكان یەكلایی دەبنەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، ئەگەرچی بڕیاری سیاسی و دارایی و سەربازی ناو یەكێتی لەئێستادا لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە دەدرێت، بەڵام ئەمە وەك هەرەشە لێكدەدرێتەوە كە لەكۆنگرەدا خۆی بۆ سكرتێری گشتی هەڵدەبژێرێت و چیتر رێگە بەو فرە سەركردایەتیە نادات.

سەبارەت بەكێشەكانی ئێستای یەكێتی سەرچاوەكە دەڵێت، لەسەر دوو پرسە یەكێكیان كاندیدی پۆستەكانی حكومەتە و دووەم لەسەر ئەو رێككەوتنەیە كە بەم دوایانە پارتی و یەكێتی كردوویانە و باڵێكی یەكێتی پێیان وایە نابێت بەبێ كەركوك بەشداری كابینەی حكومەت بكەن.