کوردستان

02:06 - 18/05/2019

وەفدێكی پارتی بەنهێنی سەردانی توركیا دەكات‌

پەیسەر

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، ئامادەیی وڵاتەكەی پیشاندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە 50  ساڵیەكەی هەرێم و توركیا، بڕیارە وەفدێكی پارتی بەنهێنی سەردانی توركیا بكات.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، دوای ئەوەی پارتی زانیاری دەربارەی ئامادەیی توركیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە 50 ساڵیەكەی هەرێم و توركیا پێگەیشت، لەبەرامبەر رازی بوونی بەغداد بەكێشانەوەی سكاڵایەكی كە لەدادگای پاریس تۆماری كردووە، بۆ زانیاری لەسەر ئەو بابەتەو گفتوگۆكردن لەسەر ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەكە بڕیارە وەفدێكی پارتی سەردانی ئەنقەرە بكات.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەكۆشكی سەرۆكایەتی لەئەنكەرە كۆبونەوە و تێیدا ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوە یان دەستكاریكردنی رێككەوتنەكە دەربڕی.

بەپێی زانیاریەكان، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات و دوای گەرانەوەی ئەگەر پێویست بكات نێچیرڤان بارزانیش دەچێتە ئەنكەرە.

سەبارەت بەهۆكاری سەردانەكە زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە پارتی نایەوێت بەبێ بەشداری و ئاگاداری ئەوان رێككەوتنەكەی هەرێم و توركیا هەڵبوەشێتەوە یان دەستكاری بكرێت، بەڵام ئەگەر هەرێم و بەغداد كە بڕیارە لەئایندەیەكی نزیكدا گفتوگۆكانیان بۆ چارەسەری كێشەی نەوت دەست پێ بكەن گەیشتنە رێككەوتن، ئەوكاتە رازیە بە دەستكاریكردنی رێككەوتنەكە بەو مەرجەی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێتە كۆمپانیایەكی هاوبەشی هەرێم و بەغداد.

وەفدەكەی پارتی بە نیازە ژمارەیەك دەستكەوتی زۆر بخەنە بەردەم توركیا بۆ ئەوەی پارێزگاری لەرێككەوتنەكە بكات لەناویشیاندا وەڵاكردنی دەستی توركیا لە وەبەرهێنان و بەشداری پێكردنی كۆمپانیا توركیەكان بەشێوەیەكی فراوانتر لەپرۆسەی گەران و دەرهێنان و هەناردەی نەوت.