کوردستان

03:14 - 14/05/2019

په‌یسه‌ر رێككه‌وتنی یه‌كێتی وپارتی له‌سه‌ر كه‌ركوك ئاشكراده‌كات‌

پەیسەر

یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر میكانزمێك رێككه‌وتوون بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك، تائێستاش په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی ئاگاداری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نین، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك به‌ لیژنه‌یه‌ك ده‌سپێردرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌لایه‌ن كابینه‌ی نوێوه‌، لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك پێكبهێندرێت به‌مه‌رجێك نوێنه‌ری یه‌كێتی وپارتی تێدابێت.

به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، بۆ دانوستان له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان و رێگه‌دان به‌ به‌شداری كورد له‌پاراستن و به‌رێوه‌بردنی شاره‌كه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا و هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن ئه‌وكاته‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی، له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دووقۆڵی پارێزگاری شاره‌كه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی بۆ یه‌كێتی بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاگاداری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نییه‌، بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ بایكۆتی دانیشتنی ده‌نگدان به‌كابینه‌ی نوێ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پارتی به‌ دانانی رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رازی نه‌بێت به‌ پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵام ماڵی تاڵه‌بانی و  كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاگادارى رێككه‌وتنه‌كه‌ن.