کوردستان

02:55 - 14/05/2019

یه‌كێتی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام‌

پەیسەر

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشته‌ هیچ ئه‌نجامێك ده‌رباره‌ی پۆسته‌كانی حزبه‌كه‌ی، په‌یسه‌رپرێس ناوه‌رۆكی كێشه‌كان ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیدا هیچ رێككه‌وتنێك ده‌رباره‌ی پۆسته‌كانی یه‌كێتی له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت نه‌كراوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان پێشنیارێك هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌سه‌ره‌تادا یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌ و پاشان پۆسته‌ وه‌زیریه‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پێشنیاره‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا كه‌ پێده‌چێت سبه‌ینێ بێت كۆبونه‌وه‌یه‌كی تر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، داواكراوه‌ كاندیده‌كان ته‌نها خه‌ڵكی یه‌ك ناوچه‌ی دیاریكراو و سه‌ر به‌یه‌ك باڵ نه‌بن و ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو رێكخستنه‌كان بن.

سه‌باره‌ت به‌ كرۆكی كێشه‌كان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كاندیدی به‌هێزی پۆسته‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، وه‌زیری پلاندانان، وه‌زیری رۆشنبیری، وه‌زیری خوێندنی باڵا خه‌ڵكی سلێمانی و كۆیه‌ن، ته‌نانه‌ت كاندیده‌كانی باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش خه‌ڵكی كۆیه‌ و ته‌قته‌قن نه‌ك هه‌ولێر، به‌وه‌ش هه‌ولێر، دهۆك و كه‌ركوك هیچ پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان له‌كابینه‌ی داهاتوو نابێت.

سه‌باره‌ت به‌كاندیده‌كانی هه‌ولێر سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ خۆی كاندید كرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری كشتوكاڵ، به‌ڵام ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ها كاندید بوونی ئارێز عه‌بدوڵاش بۆ وه‌رگرتنی پۆستێكی وه‌زاری زۆر لاوازه‌.