کوردستان

02:36 - 14/05/2019

یه‌كێتی به‌ندێكى رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتی له‌ كادیره‌كانی ده‌شارێته‌وه‌‌

پەیسەر

یه‌كێتی رێككه‌وتنێكی نهێنی له‌گه‌ڵ پارتی ده‌رباره‌ی كه‌ركوك له‌كادیره‌كانی ده‌شارێته‌وه‌، به‌رامبه‌ر لێدوانى به‌رپرسه‌كانى پارتیش سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك، بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، یه‌كێتی له‌رێككه‌وتنی 5ی ئایار له‌گه‌ڵ پارتی رازی بووه‌، به‌وه‌ی پرسی كه‌ركوك دوابخرێت، به‌ڵام به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌كان و كادیرانی یه‌كێتی ئه‌مه‌نازانن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، تائێستا ئه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژۆكردووه‌ ئه‌م زانیاریه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه‌ و له‌به‌رامبه‌ر لێدوانی ئه‌م دوایانه‌ی مەحمود محەمه‌د گوته‌بێژی پارتی، كه‌ رایگه‌یاند"له‌ئێستادا پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك یه‌كلایی ناكرێته‌وه‌" بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌.

رۆژی 13-5-2019 رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بە دەنگی ئەمریکای رایگه‌یاند، ئه‌و رۆژه‌ی سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ست به‌كارده‌بێت، پرسی پارێزگاری كه‌ركوكیش یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و راشیگه‌یاند ئه‌و تاكه‌ كاندیدی حزبه‌كه‌یه‌تی بۆ ئه‌و پۆسته‌.

له‌به‌رامبه‌ردا كه‌مال كه‌ركوكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند، تا ئه‌وكاته‌ی دۆخی كه‌ركوك ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌، پرسی پارێزگای كه‌ركوك یه‌كلایی ناكرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌لێدوانه‌كه‌ی رزگار عه‌لی سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ته‌نها ماڵی تاڵه‌بانی و باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاگاداری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ن، و ناشیانه‌وێت جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بزانێت.

یه‌كێتى پێشتر پێداگرى زۆرى كرد كه‌ به‌بێ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى كه‌ركوك، ئاماده‌ نییه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى واژۆ بكات، به‌ڵام دۆسیه‌ى كه‌ركوك به‌ ناروونى مایه‌وه‌و دۆخى پارێزگاكه‌ش هه‌ڵپه‌سێردراوه‌، یه‌كێتیش رێككه‌وتنى له‌سه‌ر پۆسته‌كان له‌گه‌ڵ پارتى واژۆكرد.