کوردستان

03:47 - 13/05/2019

به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنى چوار ده‌روازه‌ى سنورى هه‌رێم په‌سه‌ندكرا‌

پەیسەر

ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لیژنه‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌كۆی ده‌نگ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی چوار ده‌روازه‌ى هه‌رێمی كوردستانى په‌سه‌ند كرد.

عه‌مید سالار  عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عێراق به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی مه‌رزه‌كان پێكهێندرا بوو، له‌ 24 ئه‌ندام پێكهاتبوو كه‌ نوێنه‌رایه‌تی 12 وه‌زاره‌تی جیای حكومه‌تی فیدراڵی تێدابوو، به‌كۆی ده‌نگ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی مه‌رزه‌كانی سه‌یران به‌ن و كێلێ له‌سنوری پارێزگای سلێمانی، پشته‌ و شوشمێ له‌سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی په‌سه‌ند كردووه‌ و ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان گوتیشی، پێویسته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، فه‌رمانێك له‌باره‌ی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌و چوار مه‌رزه‌ ده‌ربكات، به‌ڵام تائێستا سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و فه‌رمانه‌ی ده‌رنه‌كردووه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن.

عه‌مید سالار ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌ردانی لیژنه‌كه‌ له‌مانگی نیساندا دوا سه‌ردانیان بووه‌ و پێویست ناكات جارێكی تر سه‌ردانی هه‌رێم یان ده‌روازه‌كان بكه‌نه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی كۆماری ئیسلامیش روونیكرده‌وه‌، ته‌نها وه‌ڵامی سه‌یران به‌ن له‌ 29ى4 هاتۆته‌وه‌، ئێران داوایكردووه‌ و كاتێك دیاری بكرێت بۆ به‌فه‌رمی كردنه‌وه‌ی به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدایه‌.

به‌ گوته‌ى ئه‌و، بۆ مه‌رزه‌كانی تریش ده‌بێت له‌دوای ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، جارێكی تر دانوستان له‌نێوان عێراق وئێران سه‌باره‌ت بۆ سێ مه‌رزه‌كه‌ی تر ده‌ستپێبكاته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئێران تێبینی چی له‌سه‌ر مه‌رزه‌كانی تر هه‌یه‌ عه‌مید سالار ده‌ڵێت، داوایكردووه‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وام بن.

رۆژی 7ی نیسانی رابردوو لیژنه‌یه‌ك له‌ 12 وه‌زاره‌تی حكومه‌تی فیدراڵی سه‌ردانی پارێزگاكانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانییان كرد به‌مه‌به‌ستی به‌فه‌رمی ناساندنی چوار مه‌رز.