06:20 - 04/12/2018
شه‌ڕى ئێسقان شكاندن بۆ بردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت له "به‌غداى ته‌ڵاقدراو"
بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تێك لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا ململانێیه‌كى تاقه‌ت پڕوكێنیان گه‌یاندووه‌ته لوتكه، به جۆرێك له مێژووى 15 ساڵى رابردووى عێراقى نوێ‌دا نوێنه‌رانى لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌نده پێ‌داگر نه‌بوون بۆ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كان كورد له به‌غدا.
كێشمه‌كێشمى لایه‌نه كوردییه‌كان هه‌ر له هه‌نگاوى یه‌كه‌مى پێكهێنانى پرۆسه‌ى نوێى سیاسییه‌وه له عێراق، به جۆرێك ئاڵۆز و لێڵ بووه كه سوننه‌و شیعه چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه كۆبوونه‌وه كه پێشتر زۆر په‌رته‌وازه‌بوون له‌سه‌رى، به‌ڵام كورد هێشتا هه‌ر فره مینبه‌ره‌و لایه‌نه‌كان هه‌موو هێڵه گشتییه‌كانیان بۆ چڕینى وه‌زاره‌تێك له بیركردووه.
له دوایین هه‌وڵى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ كۆبوونه‌وه، له‌لایه‌نه كوردییه‌كان ته‌نها پارتى له‌گه‌ڵ چوونه ناو هۆڵى په‌رله‌مان بوو بۆ ته‌واوكردنى رێژه‌ى یاسایى له‌پێناو تێپه‌ڕاندنى وه‌زاره‌ته ته‌واونه‌كراوه‌كان، لایه‌نه‌كانى دیكه له كافتریاى په‌ڕله‌مان مانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانیش یه‌ك تیم نه‌بوون، به‌ڵكو هه‌ر لایه‌ك خه‌مى پێگه‌ى خۆى بوو.
پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، به جیا هه‌وڵى بردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت ده‌ده‌ن له كابینه‌ى نوێ ئیسلامییه‌كانیش ئه‌گه‌رچى بۆ داواكردنى وه‌زاره‌ت خواستى خۆیان به‌یان نه‌كردووه، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنبوونیان رانه‌گه‌یاندووه‌و چاویان له‌وه‌یه بێ پشك له كابینه پڕ مقۆمقۆكه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌رنه‌چن.
هه‌ردوو لیستى یه‌كه‌م و دووه‌مى كورد له به‌غدا(زه‌رد و سه‌وز) ته‌واوى كارته‌كانیان تا كشانه‌وه‌ش به‌كارهێنا بۆ چڕینى وه‌زاره‌ت، مه‌سعود بارزانى خۆى راسته‌وخۆ گه‌ڕایه‌وه بۆ قۆناغى پێش سێ‌و له‌تكردنه‌كه‌ى ریفراندۆم و رووبه‌ڕوو چووه كۆبوونه‌وه گه‌رمه‌كانى "به‌غداى ته‌ڵاقدراو" و هۆشدارى دایه عادل عه‌بدلمه‌هدى كه وه‌زاره‌ت به یه‌كێتى نه‌درێت.
یه‌كێتى-یش له رێگه‌ى سه‌رۆك كۆماره‌كه‌یه‌وه كارته‌كانى خسته‌كار، ئه‌و كه چه‌ند رۆژێك پێشتر بانگه‌شه‌ى كابینه‌ى ته‌كنۆكراتى ده‌كرد و داواى له لایه‌نه‌كان ده‌كرد فشار له عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ وه‌زاره‌تى داد هه‌رزوو هاوارى خۆى گه‌یانده سه‌رۆك وه‌زیرانى هاوڕێى، به روونى پێى وتبوو كورسى سه‌رۆك كۆمار لاى ئه‌و نامێنێت ئه‌گه‌ر حزبه‌كه‌ى به ده‌ستى خاڵى بێته ده‌ره‌وه.
مه‌سعود عه‌بدولخالق چاودێرى سیاسى كه ساڵانێكى زۆره چاودێرى دۆخى سیاسى عێراق ده‌كات و هه‌ڵسه‌نگاندنى تایبه‌تى خۆى هه‌یه، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ى له به‌غدا رووده‌دات "حه‌یاچوونه" به‌ڵام بۆ ئه‌و لایه‌نانه موفاجه‌ئه نییه.
ئه‌و چاودێره بۆ په‌یسه‌رپرێس، گوتى،"ئه‌وانه‌ى خه‌ریكى دروستكردنى ده‌وڵه‌ت بوون ئێستا شه‌ڕى براكوژییان بردووه‌ته به‌غدا بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تێك، له‌و به‌غدایه‌ى پێیان ده‌گوت به‌غداى ته‌ڵاقدراو، ئه‌وه‌ش له‌پێناوى بردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تێكه بۆ به‌رده‌وامیدان به گه‌نده‌ڵى".
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش بێ هه‌وڵ نییه بۆ وه‌رگرتنى وه‌زارتێك له به‌غدا شاندى تایبه‌تى پێكهێناو لیستى ناوى ره‌وانه‌ى به‌غدا كرد ئێستا له‌ناو چه‌قى ململانێكاندایه، هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى گۆڕان به په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان دژى دانانى ئه‌و كاندیده‌ن كه عادل عه‌بدولمه‌هدى دیاریكردووه‌و ته‌نها پارتى پشتیوانى ئه‌و كاندیده ده‌كات.
جه‌ختیكرده‌وه، گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه جگه له پارتى نایانه‌وێت كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت، بۆ متمانه‌دان به‌و ناوانه‌ى له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كراون بۆ متمانه پێدانیان.
سه‌ره‌ڕاى شه‌ڕى توندى لایه‌نه‌كان بۆ وه‌رگرتنى پۆست هێشتا سه‌نگى كورد له به‌غدا به جۆرێك نییه، كێشه‌كانیان ببێته هۆى له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسی‌دا ئه‌گه‌ر توڕه‌یى سه‌درییه‌كان نه‌بواییه له كاندیدى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، پێنه‌ده‌چوو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران رابگیرێت له په‌سه‌ندكردنى لیستى پڕ كێشه‌ى حه‌وت وه‌زیره‌كه.
ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى کۆمەڵ ده‌ڵێت، جه‌مسه‌رى سه‌ره‌كى كێشه‌كه یه‌كێتى و پارتین و ئه‌وان ململانێكانیان گه‌یاندووه‌ته ئاستى یه‌كتر ناشیرینكردن بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد.
ئه‌و شه‌ڕه‌ى لایه‌نه كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌ستیان داوه‌تێ له به‌غدا هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانى كابینه‌ى نوێى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ تێپه‌ڕاندنى پرۆژه یاساى بودجه كه ئێستا به‌هۆى نیگه‌رانییه‌كانى كورد و سوننه‌و به‌شێك له‌شیعه له پشكى دیاریكراوى ناوچه‌كانى خۆیان له پرۆژه‌یاساكه‌دا تێپه‌ڕاندنى راگیراوه‌و ناڕازییه‌كان ده‌یانه‌وێت به ده‌ستكاریكردنى پشكى خۆیان رازیبكرێن.
به بڕواى ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، ناكۆكى كورد له به‌غدا له قۆناغێكى هه‌ستیاردایه‌و زیانى خۆى ده‌دات له پێگه‌ى كورد و كاریگه‌رى له‌سه‌ر داواكارییه‌كان ده‌بێت تایبه‌ت به بودجه چونكه ئێستا پرۆژه یاساى بودجه لاى لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى حكومه‌ت و په‌ڕله‌مانه بۆ ئاڵوگۆڕى پشكه‌كانى له بڕگه‌كانیدا.
خواستى لایه‌نه‌كان بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد به جۆرێكه گه‌وره‌تر دێته پێش چاو له هه‌موو هه‌وڵه‌كانى پێشووى لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر بودجه، مادده‌ى 140، پشكى پێشمه‌رگه، پشكى جوتیاران، كێشه ئیداره‌ى و داراییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌جۆرێك وه‌زاره‌ته‌كه یه‌كسان كراوه به سه‌رجه‌م مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانى كورد.
به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له فراكسیۆنى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌رپرێس جه‌ختیكردوه كه ئه‌وان سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كێتى وه‌زاره‌تێك به‌رێت و گوتى" ئه‌گه‌ر ئه‌م لیسته تێبپه‌ڕێت ئه‌وا هه‌ڵوێستێكى دیكه‌مان ده‌بێت و بێ هه‌ڵوێست نابین".
ره‌نگه ناكۆكى و ده‌ستشكانه‌وه‌ى لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا، خواسته بنه‌ڕه‌تییه‌كانى كورد به چاره‌نوسێكى باش نه‌گه‌یه‌نێت، به تایبه‌ت ئیدى كورد وه‌ك ساڵانى پێشوو له‌سه‌ر سفره‌ى به‌غدا میوانێكى نازهه‌ڵگیراو نییه و به ناكۆكى به‌رده‌وام هه‌وڵى جیاكردنه‌وه‌ى خۆى ده‌دات له شه‌مه‌نده‌فه‌رى عه‌بدولمه‌هدى.
ئاڕاسته‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن ئاگرى كێشه‌كه وا به‌زوویى نه‌كوژێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به ئاگره‌كه ده‌سوتێت لایه‌نه‌كان خۆیان نین، ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ن كه نوێنه‌رانه‌كانیان ناردووه‌ته ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ چڕینى مافه‌كانیان له‌ناو چه‌قى كێشه‌قوڵه‌كانى به‌غدا.