کوردستان

10:56 - 13/05/2019

كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس سكاڵایان له‌سه‌ر شاسوارعه‌بدولواحید تۆماركرد‌

پەیسەر

كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس له‌ دادگاى سلێمانى، سكاڵایان له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید تۆماركرد، به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى له‌ رێگه‌ى سایت و په‌یجه‌كانیه‌وه‌ سوكایه‌تییان پێ كراوه‌.

رۆژنامه‌نوسه‌كان ئه‌مڕۆ له‌ دادگاى سلێمانى سكاڵایان تۆماركرد و ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ ساغ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و په‌یج و سایتانه‌ى بابه‌تیان له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، شاسوار عه‌بدولواحید خاوه‌نیه‌تى. 

كه‌مال ره‌ئوف یه‌كێك له‌ سكاڵاكاره‌كان بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى"شاڵاوێكى زۆر له‌ په‌یجه‌ سێبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت ئێستا گروپێك له‌مانه‌ ده‌ركه‌وتوون كه‌ سه‌ربه‌ نه‌وه‌ى نوێن، ئێمه‌ سكاڵاكه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وان تۆماركردووه‌، كه‌ پێشتر په‌لامارى خۆمان و خانه‌واده‌كه‌مان و پرۆژه‌ میدیاییه‌كه‌مانیان داوه‌".

گوتیشى"به‌پێى ئه‌و به‌ڵگانه‌ى له‌به‌رده‌ستمانه‌، نیشانى ده‌دات خاوه‌ندارێكى ئه‌م په‌یجانه‌ بۆ كه‌سێك و گروپێكى دیاریكراو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ تیرۆره‌و هیچى كه‌متر نییه‌ له‌ تیرۆرى جه‌سته‌یى، وه‌ك و رۆژنامه‌نوس داوامان كردووه‌ یاسا سه‌روه‌ربێت رێگه‌ نه‌درێت دۆسیه‌كه‌ به‌ سیاسى بكرێت".

رۆژنامه‌نوسه‌كان ده‌ڵێن، له‌ سایت و په‌یجه‌كانى شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه‌، وێنه‌و ناویان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌وان ئه‌ندامى ده‌زگاى زانیارى یه‌كێتى و ده‌زگاى پاراستنى پارتین، بۆیه‌ سوكایه‌تییان پێكراوه‌و سكاڵایان تۆمار كردووه‌.

سكاڵاى ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت، تیمى سۆشیال میدیاى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستگیركران و دانیان به‌وه‌دا نا كه‌ ئه‌وان ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه‌یان به‌ڕێوه‌بردووه‌، به‌شى نافه‌رمییان هه‌بووه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ پۆستانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كان كردوویانه‌.

ده‌ستگیركراوه‌كان دانیان به‌وه‌دانا، كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رپه‌رشتى كردوون و ئه‌و له‌ پشتى گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ئابڕوبه‌ره‌كان و په‌یجه‌كانه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ ده‌رنه‌كراوه‌.