کوردستان

05:56 - 12/05/2019

بەغداد هەنگاوێكی مەترسیدار دژی هەرێم دەنێت‌

پەیسەر

بەغداد چاوەڕێی هەرێم دەكات بۆ ئەوەی لەرێگەی دادگای فیدراڵیەوە  هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە رابگرێت، هه‌نگاوه‌كه‌ی دادگاش چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێیه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، حكومەتی بەغداد چاوەڕێی پێكهێنانی كابینەی حكومەت دەكات و ئەگەر دواتر هەرێم ئامادەنەبوو رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای هەناردەكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ بكات، ئەوە لەرێگەی دادگای فیدراڵیەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە بەنایاسایی وەسف بكات و داوا لەحكومەت و بەدیاریكراوی وەزارەتەكانی نەوت و دەرەوە بكات هەموو رێكارێك بگرنە بەر بۆ راگرتنی.

هەنگاوەكەی بەغداد لەكاتێكدا رۆژی 4/4/2019 دادگای فیدراڵی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی دەستوری بوون یان دەستوری نەبوونی نەوتی هەرێم كۆبۆوە، بەڵام كۆبونەوەكەی بۆ 7/5/2019 دواخست و لەئێستاشدا نازاندرێت بەفەرمی دانیشتنەكەی دادگا بۆكەی دواخراوە.

سەبارەت بەبوونی مەترسی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، هیچ مەترسیەك نیە بەڵام دوای ناردنی شەش موچە لەلایەن بەغداد و رادەستنەكردنی نەوت لەلایەن هەرێم، حكومەتی فیدراڵی بەیاننامەیەك دژی هەرێم بڵاودەكاتەوە و بەپابەندنەبوون بەیاسای بودجە تۆمەتباری دەكات.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە پێشتر لەمیانی دوو كۆبونەوەی جیاواز مەسعود بارزانی لەگەڵ هەریەك لەفالح فەیاز و محمد حەلبوسی رایگەیاندووە لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وەفد بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغداد دەربارەی پرسی نەوت و داهات رەوانە دەكەن.