کوردستان

04:51 - 12/05/2019

زانیارى سه‌باره‌ت به‌ كاندیدى ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم‌

پەیسەر

لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن تا ئێستا بڕیاریان نه‌داوه‌ كاندیدى هاوبه‌شیان هه‌بێت، بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌ریم، یه‌كگرتوو كاندیدى نابێت و له‌ كۆمه‌ڵیش سۆران عومه‌ر ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ كاندید بێتن به‌ڵام حزبه‌كه‌ بڕیاریان نه‌داوه‌ تا ئێستا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ، ئاماده‌یى خۆى ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدى ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌یى خۆى بۆ حزبه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌ ببێته‌ كاندیدى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام كۆمه‌ڵ تا ئێستا بڕیاری فه‌رمییان نه‌داوه‌.

ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ بڕیاربدات ئه‌گه‌رى زۆرى هه‌یه‌ فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێش پشتیوانى سۆران عومه‌ر بكات، به‌ڵام تا ئێستا كۆمه‌ڵ به‌ فه‌رمى بڕیارى نه‌داوه‌ كه‌ كاندیدى ده‌بێت یاخود نا  ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبه‌ كاندیدى نه‌بێت پێناچێت به‌ فه‌رمى پشتیوانى هیچ كاندیدێكى دیكه‌ى ئۆپۆزسیۆن بكات و چاوه‌ڕانده‌كرێت په‌رله‌مانتاره‌كان سه‌رپشك بكات له‌ پشتیوانى كاندیدێكى ئۆپۆزسیۆن.  

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كگرتوو بڕیارى خۆى داوه‌ كه‌ كاندیدى نابێت بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، بۆیه‌ پێناچێت یه‌كگرتوو به‌ فه‌رمى پشتیوانى كاندیدێكى دیاریكراو بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى یه‌كگرتوو ده‌نگ به‌ سۆران عومه‌ر بده‌ن ئه‌گه‌ر كاندیدبێت.

چاوڕوانده‌كرێت ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ بڕیار بدات كه‌ كاندیدى بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌بێت، ئه‌وا په‌رله‌مانتارانى نه‌وه‌ى نوێ و به‌شێكى یه‌كگرتووش پشتیوانى ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ بڕیاربدات كاندیدى نه‌بێت ئه‌وا نه‌وه‌ى نوێ كاندیدى ده‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌، پێشتر نه‌وه‌ى نه‌وه‌ێ بۆ هه‌ر سێ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى یه‌كه‌م و دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كاندیدى هه‌بوو.

په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌رگاى خۆ پاڵاوتنى بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردوه‌و بڕیاره‌ تا ١٥ى ئه‌م مانگه‌ ده‌رگاى خۆ پاڵاوتن بۆ هه‌ركه‌سێك كراوه‌بێـت، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ گشتییه‌كانى تێدابێت.