06:24 - 09/05/2019
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوی بەشداری لەسێ چالاكی رەتدەكاتەوە
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری كردنەوەی كەناڵی ئێن ئارتی چوار ناكات و كۆبونەوەیەكی فراوانی حزبەكەی و كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵاش ناكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، شاسوار عەبدولواحد بەشداریكردن لەمەراسیمی كردنەوەی كەناڵی ئێن ئارتی چواری رەتكردۆتەوە و هەروەها بڕیاربووە كۆبونەوەیەكی فراوان لەهۆڵی چاڤی مۆڵ بۆ ئەندامانی حزبەكەی رێكبخات و لەوێوە پەیامێك بڵاو بكاتەوە بەڵام ئەمەشی رەتكردۆتەوە و دواتریش داوای لێكراوە سەرپەرشتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بكات بەهەمان شێوە ئەوەشی دواخستووە.
سەبارەت بەچۆنیەتی پەیوەندیكردن بە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە لەكاتێكدا شوێنەكەی نادیارە، سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەدەكرێت.
لەچەند رۆژی رابردودا بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی هۆیەكانی پەیوەندیكردن چەند جارێك هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی چوونەتە سەر ئۆفیسی سەرەكی نەوەی نوێ و چەند خۆبهخشێكی ئەو حزبەیان دەستگیركردووە.